وتار
ئێمەی برایانتان لە راگەیاندنی پۆلیسی ھەولێر، بە چاکمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بخەینە بەر دیدی بەرێزتان
رائید کاروان عبدالکریم
ھاوڵاتیانی بەڕێز.. ئەم کاتەتان باش....

ئێمەی برایانتان لە راگەیاندنی پۆلیسی ھەولێر، بە چاکمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بخەینە بەر دیدی بەرێزتان...

زۆرجار لێرە و لەوێ رەخنەمان ئاراستە دەکرێ کە گوایە ئێمە بۆ مەبەستی گەورە نیشاندانی چالاکیەکانمان، یاخوود بۆ خۆدەرخستن وێنە و گرتەی ڤیدیۆی تۆمەتبار و تاوانباران نیشان دەدەین. ھەرەوەھا رەخنەی ئەوەمان لێ گیراوە کە بڵاوکردنەوەی ئەم وێنە و گرتانە زیان بە کۆمەڵگا و پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەگەیەنن. 
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، وەڵامێکی پوختی ئەم بۆچوونانە بدەمەوە. 
بەر لە ھەموو شتێک پێویستە ھەموو لایەک لەوە دڵنیابن کە ئێمەی پۆلیس لە زۆربەی خەڵکی دیکە زیاتر لە گرنگی چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ تێدەگەین و ھیواشمان زۆر بەھێزە کە سات لەدوای سات گەلەکەمان لە پێشکەوتنی بەردەوام دایە بەرەو گەیشتن بە گەلانی پێشکەوتوو و ئازادی دنیا لەم بوارەدا.
بەڵام لەم ھەڵومەرجەی ئێستای وڵاتەکەمان، پێمان وایە پێویستە تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگاکەمان لەبەرچاو بگرین و ئامانجی ئێمەش لە بڵاوکردنەوەی ئەم وێنە و ڤیدیۆیانە لە چوار خاڵدا دەردەکەوێت:

یەکەم: ھۆشیار کردنەوەی ھاوڵاتیان بە خودی کەسە تاوانبارەکان، بەتایبەت ئەوانەی ھەوڵدەدەن لە دەستی یاسا رابکەن. بۆ نمونە، ھەر 
لەم ماوەیە دوای بڵاوکردنەوەی دوو گرتەی ڤیدیۆیی تاوانباران، بە ھاوکاری ھاوڵاتیان توانرا دوو تاوانبارەکە دەستگیر بکرێن.

دووەم: دڵنیاکردنەوەی ھاوڵاتیان لەسەر توانایی ھێزەکانی ناوخۆ لە پاراستنی بەرەی ناوخۆ، ھەروەھا بەرپەست دانەوەی ھەر مەترسیەک کە بکەوێتە سەر ئارامی و ئاسایشی ھاوڵاتیان و شارەکەمان.

سێیەم: ئاگادارکردنەوەی ھاوڵاتیان بە شێوازی تاوانەکان، بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان لەسەر شێواز و رێگاکانی ئەنجامدانی تاوانەکان ھۆشیاربن. 
چوارەم: خۆگونجاندن و سود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم، بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بوونەتە ھۆکارێکی سەرەکی گەیاندنی زانیاری لەنێوان پۆلیس و ھاوڵاتیاندا. 

ئێمە لە ھێزی ناوخۆ خۆمان بە دوا بەرەی جەنگ دەزانین لە شەڕی پاراستنی کوردستان، ئێمە تەواوکەری ھێزی پێشمەرگەین کە لە بەرەی پێشەوە سنگیان کردۆتە قەلغان ناھێلن دڕندەکانی داعش دزە بکەنە ناو خاکی پیرۆزی کوردستان. ئێمە لێرە لەنێو شارەکان تەواوکەری ئەم جەنگەین و شەو دەخەینە سەر رۆژ تاوەکو ھاوڵاتیان بە ئاسودەیی گوزەر بکەن و کارەکانیان بە ئارامی جێبەجێ بکەن.
دلنیابن کارکردنی ئێمە بۆ ئافەرین و لایککردن و خۆدەرخستن نیە، بەڵکو ئێمە دەمانەوێ پێشمەرگەکانمان بە متمانەوە بجەنگن و خەمی ئارامی خانەوادەکانیان نەبێ. دەمانەوێ دایکان بەیانیان و ئێواران بەو پەڕی بێترسیەوە مناڵەکانیان رەوانەی قوتابخانە بکەن. مەبەستمانە بۆ ھەموو لایەک بسەلمێنین کە دەتوانین ھەڵۆئاسا شەمشەمە کوێرەکانی دۆزەخ و قەلە رەشەکانی تیرۆر لە پەلوپۆ بخەین. 
10/12/2014
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
  سه‌ره‌کی             هه‌واڵ             وێنه             ڤیدیۆ             ده‌رباره             په‌یوه‌ندی             ئه‌رشیف             به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان