وتار
ئاسایشی نەتەوەیی Security National
ملازمی دوو - اسماعیل زبیر حسن
مێژووی سەرهەڵدانی چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی دەگەرێتەوە بۆ کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهان ١٩٤٥، لێکۆڵەران وای دەبینن کەوا بە دیاردەیەکی نوێ دادەنرێت لە تایبەتمەندیەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی، ئاسایشی نەتەوەیی پەیوەندیەکی تەواوی هەیە بە بە چەمک و ئامانجە نیشتیمانیەکان لە ڕووی مانەوەو قەوارەی دەوڵەت و پاراستنی ئەم قەوارەیە. بە جۆرێک هەندێک پێیان وایە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بریتیە لە پاراستنی بەهاکان.
جەمکی ئاسایشی نەتەوەیی دەکرێت بەو جۆرە پیناسە بکرێت کە (بریتیە لە توانای دەوڵەت یان نەتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشەکەی لە هەڕەشە دەرەکییەکان). بەڵام هەندێکی تر لە ڕوانگە ئابوریەکەیەوە پێناسەیان کردوە کە (غیابی هەڕەشەکردنە بە بێ بەشکردنی توند و زۆر لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی). یان ئەکرێت بڵین ئاسایشی نەتەوەیی توانای دەوڵەتە بەگەل و حکومەت و هەرێمەوە بۆ پاراستن و گەشەپیدانی توانای سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر هەموو ئاستەکانی ناوخۆیی و دەرەکی.

ئاسایشی نەتەوەیی بە بەرهەمی کۆششی کۆمەلێک لە دەزگای زانست و زانیاری ستراتیژی و دەرونی و ئابوری و جوگرافی سیاسی دادەنرێت، بۆیە مەرجە ئاسایشی نەتەوەیی بەها پیرۆزەکانی دەوڵەت بپارێزێت. بۆیە لە چەند خاڵێکدا ئامانجە سەرەکیەکانی ئاسایشی نەتەوەیی دەخەینە ڕوو

پاراستنی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی وڵات.
١.بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری سیاسی.
٢.پاراستن و پەرەپیدانی بەها نەتەوەیی و بیروباوەڕە پیرۆزەکان.
٣.دابینکردنی ئاسودەیی دەرونی بۆ هاوڵاتیان بەرامبەر بە ئەگەری هەڕەشەکانی ناوخۆیی و دەرەکی.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین بەدیهێنانی ئاسایشێکی نەتەوەیی بەهێز هەروا ئاسان نیەو بە چەندین رەگەزی سەرەکی ترەوە بەستراوە کە بریتین لەمانەی خوارەوە بە کورتی باسیان ئەکەم:
١.ئاسایشی سەربازی: بە یەکێک لە گرینگترین ڕەگەزەکانی هێنانەدی ئاسایشی نەتەوەیی دادەنرێت، بەمانای پاراستنی نەتەوە لە هەر هەرەشەیەکی کردارەکی یان لادانی هەر تەگەرەیەک لەبەردەم بەهێزبوونی ئاسایشی نەتەوەیی. ئەمەش تایبەتە بە دەزگاو دامەزراوە سەربازیەکان کە خاوەن توانایەکی بەرز و تۆکمە و بەرگری کردنێکی بەهێز بن.
٢.ئاسایشی سیاسی: بریتیە لە ئاسایشی قەوارە سیاسیەکە، بە بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتیمانی و دابین کردنی ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی لە بواری سیاسیدا.
٣.ئاسایشی ئابوری: بە دابینکردنی ئابوریەکی بەهێز دەتوانین گشت پایەکانی ئاسایشی نەتەوەیی جێگیر بکرێت. هەروەها ئاسایشی ئابوری هەردوو ئاسایشی (خۆراک ، ئاو) لەخۆدەگرێت.
٤.ئاسایشی کۆمەڵایەتی: ئەمە پەیوندی بە هۆشیاری و هەستی نیشتیمانیەوە هەیە، کە بریتیە لە دورکەوتنەوەی هەموو چین و توێژەکان لە توندوتیژی و هەوڵدانی هەموان بە یەکەوە بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای نەتەوە و گەل.
٥.ئاسایشی ئایدۆلۆژی: ئەرکی سەرەکی بریتیە لە پاراستنی داب و نەریت و ڕەوشت و خوە جوانەکانی ناو کۆمەڵگا،
٦.ئاسایشی ژینگە: پاراستنی ژینگەی وڵات لە مەترسیەکانی پیس بوون و ژەهراوی بون و لەناوبردنی پاشماوەکان بە شێوەیەکی زانستیانە تاکو زیان بە ژینگەی وڵات نەگەیەنێت.
بەگشتی هەموو هاوڵاتیان لە دابین کردنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕۆلێ دیاریان هەیە لە هەستکردن بە مەترسیەکانی ناوخۆیی و دەرەکی کەوا کار لە هێمنایەتی وڵات بکات، هەروەها هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەژگاکانی دەوڵەت بۆ دانانی نەخشەرێگای ستراتیژی و فراوانکردنی هێزو تواناکانی دەوڵەت بە پشت بەستن و بەرەوپیش بردنی هێزە چەکدارەکان لە مەشقپیدان و دابین کردنی هەموو پێداویستیەکانیان بۆ هەموو بارودۆخێکی لەناکاو.
سەرچاوەکان:
١.د. عمر ئەحمەد قدور: ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی دەوڵەت، و. ئازاد گڕاوی.
٢.د. سفین جلال فتحوڵا: بنچینە و بنەماکانی زانستی جوگرافیای سیاسی.
11/01/2015
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
  سه‌ره‌کی             هه‌واڵ             وێنه             ڤیدیۆ             ده‌رباره             په‌یوه‌ندی             ئه‌رشیف             به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان