وتار
با خۆپیشاندان بكەینە پرەنسیپی دیموكراسى
نقیب/ ڕێدار عمر عثمان
با خۆپیشاندان بكەینە پرەنسیپی دیموكراسى

نقیب/ ڕێدار عمر عثمان
ماستەر لە کۆمەڵناسى

خۆپیشاندان وەك دیاردەیەكی ڕەفتاری كۆمەڵایەتی (Phenomena Collective Behavior) كە لە زۆربەی كۆمەڵگا پێشكەوتووەكانی ڕۆژئاوادا باوە، لە كۆمەڵگا تازە گەشەسەندووەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بوونی هەیە، خۆپیشاندانی ناڕەزایی هەندێك جار دروست دەبێت و سەرهەڵدەدات لە ئاكامی چەندان دەرهاویشتەی وەلانان و پشتگوێخستن و كەمتەرخەمیی دەسەڵات یاخود دامەزراوەكانی بەرامبەر بە خواست و داواكارییەكانی هاووڵاتیان جا بە ئەنقەست بێت یاخود مەرامێكی سیاسی.
جاری وا هەیە خۆپیشاندان و كاری توندوتیژی خۆڕسكانە ڕوو دەدەن لە ئەنجامی بۆنەیەكی وەرزشی یاخود كۆمەڵایەتی یانیش هەر بۆنەیەكی تری ڕۆژانەی بێ بەرنامەڕێژی، كە جۆرێك لە هەڵچوون و هاوسۆزیی كۆمەڵایەتیی كاتی لە نێوان چەند كەسێكدا پەیدا دەكات و ئەم گرووپە خۆڕسكانەش لە دەرئەنجامی ئەم جۆرە ڕەفتارە كاری توندوتیژی ئەنجام دەدەن، بەڵام جیاوازە لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی تر، ئەم جۆرە كاردانەوە و ڕەفتاری هەڵچوونە كاتیانە ماوەكەیان كورتە و زۆریش ناخایەنێ، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی نێوان هۆكار و توندوتیژییەكە بەهێز و پتەو نییە و كاتییە. 
بێگومان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە لایەن هەر گرووپ و لایەنێكەوە بكرێت، بە هەر هۆكارێك و بۆ هەر ئامانج و مەبەستێك بێت، پێویستە لە لایەن دەسەڵاتەوە پارێزگاری لێ بكرێت و گیانی تاكەكانی بپارێزرێت، لە هەمان كاتیشدا پارێزگاری لە موڵك و سامانی گشتی و دامەزراوەكانی دەوڵەت بكرێت لە هەڕەشەی تێكدان و لەناوچوون، بۆ ئەمەش پێویستە هێزێكی ڕێكخراو هەبێت كە ڕێنمایی و كارنامەی تایبەتی هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەكانی ئەم پڕۆسەیە، لە هەرێمی كوردستانیشدا ئەم ئەركە بە بەشی (پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان) سپێردراوە، كە تایبەتە بە مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندان، لە ئێستاشدا بووەتە گرنگترین كایەی بەدیموكراسیبوونی وڵاتان لە جیهاندا. 
وەك پێشتر ڕوون كرایەوە، هەندێك جار خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان خۆڕسكانەن و تێیاندا خەڵك داواكارییان هەیە و لە مافی گشتی دەپێچنەوە، هەندێك كەڕەتیش ڕەنگە بۆ هەندێك مەبەست و ئامانج بقۆزرێنەوە و بە لاڕێدا ببرێن. 
ئەگەر ئەو پرەنسیپە بەسەر باشووری كوردستاندا بگشتێنین، لە باری یەكەمدا خۆپیشاندەران دروشمگەلێك بەرز دەكەنەوە و مافە ڕەواكانیان دەخەنە بەر دیدی قەڵەمڕەو و دەسەڵاتداران، داوای چاكسازی و بەهەندوەرگرتنی ناڕەزاییەكانیان دەكەن، كە ئەوەش مافێكی زۆر سەرەتایی و یاساییە و ئەركی سەر شانی كاربەدەستان و پەیوەندیدارانیشە هەرچی زووە داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەن و دەستوبرد میكانیزمێك بۆ ڕاییكردنی كاروبار و ئەو خواستە گشتیانە دابنێن كە پەیوەستن بە توێژێكی كۆمەڵگا یان هاونیشتمانیان بە گشتی. 
لە باری دووەمدا كە لەلایەن هەر گرووپ و تاقم و دەستەیەكەوە خۆپیشاندانەكان بۆ مەرام و ئامانجی تایبەت دەقۆزرێنەوە، خراپ بەكارهێنانیان لەبری ئەوەی سوودی گشتی تێدا بێت، بە زیانی هاونیشتمانیان و خودی ئەو لایەن و گرووپانە دەشكێتەوە كە تووڕەیی و ناڕەزایی خەڵك بۆ مەرامی تایبەت دەقۆزنەوە. 

ئەوە بۆیە دەشێ لەو حاڵەتانەدا سنوورێك بۆ زێدەڕۆیی و ئاژاوەگێڕییەكان دابنرێت، چونكە هیچ گومان هەڵناگرێت جگە لەوەی كە ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە دەبنە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵك و دەسەڵاتیش، هەندێك كەسی نابەرپرس و گێرەشێوێنیش هەلەكە دەقۆزنەوە و لەو كەلێنەوە زیان لە بەرژەوەندیی گشتی دەدەن، كە دواجار دەزگا و دامەزراوە میرییەكان زیانمەند دەبن و بگرە پرۆسەی دیموكراسی و ناوبانگی ئەو پارچەیەی كوردستانی مەزنیش لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، دەخەنە ژێر پرسیارەوە.


06/12/2015
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
  سه‌ره‌کی             هه‌واڵ             وێنه             ڤیدیۆ             ده‌رباره             په‌یوه‌ندی             ئه‌رشیف             به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان