هه‌واڵ
ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌
24/09/2019
دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گای به‌ره‌ی توركمانی له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌زگایه‌كی میدیاییه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر، به‌ڕێز (لیوای ماف/عه‌بدولخالق ته‌ڵعت عوسمان) ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی دا و رایگه‌یاند، دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو 22-9ی 2019 دوای ئه‌وه‌ی شوفێرێكی ته‌كسی ده‌یه‌وێ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌ به‌رده‌م باره‌گای به‌ره‌ی توركمانی ڕابگرێت، ده‌مه‌قاڵی له‌ نێوان شۆفێری ته‌كسیه‌كه‌ و پاسه‌وانانی به‌رده‌م باره‌گای به‌ره‌ی توركمانی دروست ده‌بێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر روونیشی كرده‌وه‌، هیچ مه‌رامێكی سیاسی له‌ پشت ئه‌و ڕووداوه‌وه‌ نه‌بووه‌ وه‌ك له‌ هه‌ندێ ده‌زگای ڕاگه‌یاندن بڵاو بۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئارامیی شاری هه‌ولێر و گوتی، هه‌ولێر ئارامه‌ و پاراستنی ته‌واوی باره‌گا و پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ ئه‌ستۆی پۆلیسی هه‌ولێره‌ و ڕێگه‌ به‌ هیچ لایه‌ن و به‌ره‌یه‌ك نادرێت پشێوی له‌و شاره‌دا بنێته‌وه‌.

لیوا عه‌بدولخالق ئاماژه‌شی دا، خۆشبه‌ختانه‌ دوای ڕووداوه‌كه‌ به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ كامێرای چاودێری، توانراوه‌ ژماره‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ بناسرێته‌وه‌ و شۆفێری ته‌كسیه‌كه‌ ده‌ستگیر بكرێت و مامه‌ڵه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵی ده‌ستی پێكردووه‌.

هه‌واڵی زیاتر ...
  سه‌ره‌کی             هه‌واڵ             وێنه             ڤیدیۆ             ده‌رباره             په‌یوه‌ندی             ئه‌رشیف             به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان