هه‌واڵ
هەولێر.. خاوەنی ئەكاونتی "نوشتە و جادوو" لە فەیسبووك دەستگیر كرا
12/10/2019
بەڕێوەبەری نووسینگەی منارەی بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە هەولێر رایگەیاند، لە رۆژی 9ی 10ی 2019، دوای ئەوەی ئافرەتێك بە ناوی (س.ع.س) سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیانی كردووە و پێی راگەیاندوون كە لە ڕێگەی ئەكاونتێكەوە بە ناونیشانی (نوشتە و جادوو) هەڵخەڵەتێنراوە و هەڕەشەی لێ كراوە، توانیویانە تۆمەتبارەكە قۆڵبەست بكەن.

 لەو بارەیەوە، نەقیب كارزان سابر حەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی منارە لە بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان، بە (هەولێر پۆلیس)ی راگەیاند، دوای ئەوەی ئافرەتێك بە ناوی (س.ع.س) سكاڵای تۆمار كرد كە لە ڕێگەی ئەكاونتێكەوە بە ناونیشانی (نوشتە و جادوو) فریو دراوە و هەڕەشەی لێ كراوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕێك خرا و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، تیمێك پێكهێنرا و توانرا تۆمەتبار دەستگیر بكرێت و دەستیش بەسەر هەندێك نوشتە و بەڵگەی تردا گیرا، كە لە كارەكەیدا بەكاری هێناوە. 

نەقیب كارزان دەشڵێت، دوای وەرگرتنی وتەكانی تۆمەتبار، كە ناوی (ف.م.ٲ)، دانی بە تاوانەكەی دانا، كە هەڵساوە بە دانانی ئەكاونتێكی ساختە بەناوی (نوشتە و جادوو)، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خۆی بە شێخ ناساندووە، دواتر داوای وێنەی لەو ئافرەتانە كردووە كە پەیوەندییان پێوە كردووە، هەروەها دانی بەوەدا نا كە هەڕەشەی لە دادخواز كردووە و داوای پارەی لێكردووە.بەڕێوەبەری نووسینگەی منارە له بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان راشیدەگەیەنێت، پەڕاوەكە ڕەوانەی بەردەم دادوەر كرا و لە ئێستادا تۆمەتبار بە پێی ماددەی (٤٥۲) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە كێشەكە بەردەوامە. 

كارزان سابر، داواشی لە هاووڵاتیان كرد كە لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو، بە زووترین كات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە (۱۱۹) بكەن، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕاوێژی (یاسایی، دەروونی، كۆمەڵایەتی)، یاخود سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان بكەن.

هه‌واڵی زیاتر ...
  سه‌ره‌کی             هه‌واڵ             وێنه             ڤیدیۆ             ده‌رباره             په‌یوه‌ندی             ئه‌رشیف             به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان