هه‌واڵ
پۆلیسی هەولێر باندێكی گەورەی بە تۆمەتی دزیكردن دەستگیر كرد
01/02/2020
پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیركردنی باندێكی گەورەی دزیكردنی راگەیاند، كە لە 7 كەس پێكهاتوون و بە چەند ئۆتۆمبێلێك (3) مۆلیدەی گەورەیان لە هەولێر دزیبوو.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر (عەمید - دلێر نەجات یاسین نەجاڕ)، لەو بارەیەوە رایگەیاند، شەوی ڕابردوو زانیاری گەیشتە پۆلیس بە بوونی باندێكی گەورەی دزیكردن لە شاری هەولێر، بۆیە پۆلیس دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، توانی ناسنامەی (7) تۆمەتبار ئاشكرا بكات و دەستگیریان بكات.

دلێر نەجاڕ گوتیشی، لە پێناو هەرچی زووتر دەستگیركردنی تۆمەتباراندا، سەرپەرشتی و چاودێریی تیمێكی لێكۆڵینەوەمان كرد، كەوا توانییان لە ماوەیەكی كەمدا و لە ڕێگای كامێرای چاودێرییەوە ئەو ئۆتۆمبێلانە دەستنیشان بكەن كە (3) مۆلیدەی كارەبایان پێ دزرابوو و توانرا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكانیشدا بگیرێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر زیاتر روونی كردەوە، (3) تۆمەتباری سەرەكی، كە هەڵسابوون بە دزینی مۆلیدەكان، دەستگیر كران و هەروەها ئەو كەسەش قۆڵبەست كرا كە مۆلیدەكانی لەو تۆمەتبارانە كڕیبۆوە، لەگەڵ دەستگیركردنی (3) تۆمەتباری دیكە كە لەو تاوانەوە تێوە گلابوون، بۆیە كۆی گشتیی ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیر كراون، (7) تۆمەتبارن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕێك خرا و ڕەوانەی دادگای هەولێر كران، بەڕێز دادوەریش بڕیاری دا بە بەندكردنیان بەپێی ماددە (٤٤۳) لە (ی.س.ع).

هه‌واڵی زیاتر ...
  سه‌ره‌کی             هه‌واڵ             وێنه             ڤیدیۆ             ده‌رباره             په‌یوه‌ندی             ئه‌رشیف             به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان