هه‌واڵ
ئەو تۆمەتبارەی بە چەقۆ هاووڵاتییەك و پۆلیسێكی بریندار كرد دەستگیر كرا
17/02/2020
دوای ئەوەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 15/2/2020 لە كاتی نوێژی بەیانیدا لە مزگەوتێكی شاری هەولێر، تۆمەتبارێك بە چەقۆ كەسێكی بەساڵداچوو و پۆلیسێكی بریندار كرد، پۆلیس بەدواداچوونی وردی كرد و لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەكەی دەستگیر كرد.

عەمید (دلێر نەجاڕ) بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، كاتژمێر (5:30)ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، لە كاتی نوێژی بەیانیدا لە مزگەوتی (عەبدولكەریم مودەڕیس) لە هەولێر، كەسێك بە ناوی (ع.ل.م) هەڵیكوتاوەتە سەر مزگەوتەكە و داوای لە هاووڵاتییەكی بەساڵداچوو بە ناوی (جەمیل محەمەد ساڵح) (تەمەن 78 ساڵ) كردووە كە پارەی پێ بدات، دوای ڕەتكردنەوەی داواكەی لە لایەن پیاوە بەساڵداچووەكەوە، تۆمەتبارەكە چەند چەقۆیەكی وەشاندووە و بە سەختی برینداری كردووە.

ئەوەشی خستە ڕوو، بەداخەوە هەندێك پەیج و ماڵپەڕ بە مەبەست و بۆ بەلاڕێدابردنی دۆسیەكە نووسیویانە گوایە ئەو كەسەی هێرشی كراوەتە سەر مامۆستای ئایینییە، بەڵام لە راستیدا هاووڵاتییەكی ئاساییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی ئێمە پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاووڵاتیانە بە بێ جیاوازی.

عەمید (دلێر نەجاڕ) روونیشی كردەوە، لە كاتی هەڵكوتانە سەر هاووڵاتییە بەساڵداچووەكە، پۆلیسێكی فریاكەوتن بە ناوی (بەختیار ستار ئیسماعیل) لە كاتی ئەركدا لەوێ دەبێت، بۆیە بە هانای پیاوەكەوە دەچێت و لە ژێر چنگی ڕزگاری دەكات، بەڵام لە ئەنجامدا چەقۆیەكی بەردەكەوێت و ئەویش بریندار دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە ڕێك خرا و پۆلیس توانی بە ماوەیەكی زۆر كەم تۆمەتبارەكە دەستگیر بكات، دۆسیەكەش خرایە بەردەم بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە بۆ ئەوەی ڕێڕەوی یاسایی وەربگرێت و ڕێكاری یاساییش دەرهەق بەو كەسە بگیرێتە بەر كە تاوانەكەی ئەنجام داوە.
هه‌واڵی زیاتر ...
  سه‌ره‌کی             هه‌واڵ             وێنه             ڤیدیۆ             ده‌رباره             په‌یوه‌ندی             ئه‌رشیف             به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان